کشتوکاڵ لە میزۆپۆتامیا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-31-13:36:00 - کۆدی بابەت: 3967
کشتوکاڵ لە میزۆپۆتامیا

ناوه‌ڕۆك

کشتوکاڵ لە میزۆپۆتامیا چۆنبووە؟

لە دۆڵی دوو ئاوان زەویی بەپیت زۆر بوو، بە تایبەتی لە دەشتە بەپیتەکانی باشوور. گرفتی سەرەکی کە دووچاری هاوڵاتیان دەبوو، کەمی ڕێژەی باران بوو، بە ڕاددەیەک کە بەشی ئاودێری بەروبوومی کشتوکاڵی نەدەکرد. بۆیە هەڵکەندنی جۆگە و ڕاکێشانی ئاو لە دیجلە و فوڕات دەبێتە سەرچاوەی ئاودێری، باری ئاو و هەوا بۆ چاندنی چەندین جۆری بەروبووم و درەخت گونجاو بوو، بۆیە کشتوکاڵ هەر لە سەردەمی زووەکانەوە بووە بڕبڕەی ژیانی ئابووری. شوانکاری بە کشتوکاڵ گرێدەدرێت، مەڕ و بزن و ڕەشەوڵاخ بەخێو دەکەن، کەڵکیان لە ڕەشەوڵاخ وەردەگرت بۆ کێڵانی کێڵگەکان و ڕاکێشانی گالیسکەکان. گرنگترین بەروبوومیان گەنم و جۆ و نیسک و گەنمەشامی و پاقلە بوو. هەروەها کونجی و هەرزنیان چاندووە، جگە لە داری قۆخ و هەنار و هەنجیر و دارخورما، لۆکە و ڕووەکی جوانکاریشیان چاندووە.

ئاودێری

دانیشتوانی دۆڵی ڕافیدەین سیستەمێکی کاریگەریان بۆ ئاودێری بنیاتنا. لە چوارچێوەی دروستکردنی تۆڕێکی ڕێکخراو لە جۆگە و بەربەست و بەنداو. بەربەستەکانیان بەهێزتر کرد بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسی لافاو و گەیاندنی ئاو بۆ جۆگە سەرەکییەکانی ئاودێری. بەرزبوونی ئاو لە هەندێک شوێندا دەبێتە مایەی پەیدابوونی زەوی بەراو لەو دەڤەرانە، پاشا و فەرمانڕەواکان بایەخیان بە بنیاتنانی بەربەست و بەنداو داوە، لە بەندەکانی یاسای ئەو سەردەمەدا ئاماژە بەم مەبەستە دەدرێت، وەکو باسکردنی کێشەکانی ئاودێری و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان.

خاوەنداری زەوییە کشتوکاڵییەکان

زۆربەی زەوییە کشتوکاڵییەکان موڵکی پەرستگا بوون، لە سەردەمی سۆمەریدا. پەرستگا ئەم زەویانەی داوەتە خەڵکانی تر بەرامبەر هەندێک خزمەتگوزاری کە بە پەرستگایان دەبەخشی. یان دەدرا بە جوتیارەکان بەرامبەر ڕێژەیەکی دیاریکراو لە بەرهەمەکانیان، یان ڕاستەوخۆ لە لایەن کارگێڕی پەرستگاکانەوە بەرهەم دەهێنرا.

گرفتەکانی کشتوکاڵکردن

کشتوکاڵ لە وڵاتی ڕافیدەین، دووچاری هەندێک گرفت بوو، لەوانەش بەرزبوونی ڕێژەی خوێ لە زەوییەکان، بەهۆی نەزانینی چۆنیەتی دەرکردنی زێدەئاوەکان و دژواری کۆنترۆڵکردنی لافاوەکان، هەندێک ساڵ کشتوکاڵ دووچاری کەم ئاوی دەبوو بەهۆی نزمبوونی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان. هەندێک ئافات دەبنە مایەی کەمی بەرهەمداری، وەکو سن و کیسەڵە و نەخۆشی ڕووەکی، یان لەکاتی پێگەیشتنی بەروبوومدا دووچاری پەلامار و هێرشکردنە سەریان دەبوونەوە،هەروەها ساکاری کەرەستەکانی کشتوکاڵ وەکو داس و گاسن، لە هۆکارەکانی گرفت دروستکردن بوون لەم بوارەدا، ئەمەش پێویستی بە هەوڵ و کاتی زیاتر هەبوو، بۆ ئەوەی جوتیار زۆربەی ڕۆژانی ساڵ پەیوەست بێ بە کێڵگەکەیەوە.


سەرچاوەکان



1419 بینین